یەرمیا 47
Kurdi Sorani Standard
پەیامێک سەبارەت بە فەلەستییەکان
47 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە فەلەستییەکان، بەر لەوەی فیرعەون پەلاماری غەزە بدات:
2 یەزدان ئەوە دەفەرموێت:
«ئەوەتا ئاو لە باکوورەوە هەڵدەستێت و
دەبێتە لافاوێکی ڕاماڵ،
زەوی و هەرچی لەسەریەتی ڕایدەماڵێت،
شار و دانیشتووانەکەی.
خەڵکی هاوار دەکەن،
هەموو دانیشتووانی خاکەکە واوەیلا دەکەن
3 لە دەنگی تەقەی سمی ئەسپە بە تواناکانی،
لە خڕەی گالیسکەکانی و
جیڕەی چەرخەکانی.
باوک ئاوڕ لە کوڕ ناداتەوە
لەبەر شلبوونی دەستەکانی.
4 لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە هاتووە
بۆ تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان و
بۆ بڕینەوەی هەموو پاشماوەیەک
کە بتوانن پشتگیری پاشایەتی سور و سەیدا بکەن.
یەزدان خەریکە فەلەستییەکان تەفروتونا دەکات،
پاشماوەی کەناری کەفتۆر.
5 خەڵکی غەزە لەبەر ماتەم سەریان دەتاشن،
ئەسقەلان کپ دەبێت.
ئەی پاشماوەی خەڵکی دۆڵەکان،
هەتا کەی لەشی خۆتان بریندار دەکەن؟
6 «”ئای ئەی شمشێری یەزدان،
هەتا کەی پشوو نادەیت؟
بڕۆ ناو کێلانەکەتەوە[a] و
هێدی بە و کپ بە.“
7 بەڵام چۆن پشوو دەدات
کە یەزدان فەرمانی پێکردبێت،
لە دژی ئەسقەلان و لە دژی کەناری دەریا،
لەوێ ئەرکی پێ سپارد؟»
Footnotes
- 47:6 کالانەکەتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.